بەهۆی ئەوەی گەرمبوونی زهوی کاریگەری لەسەر ئابووری و بەرهەمهێنانی خۆراک و دۆخی کۆمەڵایەتی و کەرتی تەندروستی گشتی هەیە، عێراق پێ دهنێته سەردەمێکی مهترسیداری گۆڕانی کەشوهەواوە. لەگەڵ هەستکردن بە گۆڕانکاری فراوان و ڕیشهیی له ژینگەدا، ڕهنگه سەقامگیری ڕێژەیی وڵاتەکە ڕووبەڕووی پەیوەندییەکی ئاڵۆزی ئاسایشی و ئالینگاری ئاشتی بكاتهوه؛ به تایبهت له ململانێکانی تایبهت به ئاو، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک، ئاوارەبوونی ناوخۆیی و هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆر- کە بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی کەشوهەوا و گۆڕانكاری ژینگهییهوه ئاڵۆزتر بووە- دهكرێت عێراق بەرەو سەردەمێکی نوێی ناسەقامگیری ئاراسته بكهن.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەشوهەوای فرهچهشن
عێراق، وڵاتێكی خاوهن کەشوهەوای هەمەچەشنە؛ بهجۆرێك کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست لە ناوچەی باکوور (ههرێمی کوردستان) جیاوازییەکی زۆری هەیە بهراورد به بارودۆخی وشکی بیابانەکانی باشوور. ئەم گۆڕانهی کەشوهەوا بهشێكه لە دیمهنێكی ئاڵۆزی ژینگەیی، کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی وشکەساڵی، کاریگەری بهرچاویان ههیه لەسەر کشتوکاڵ و ژیانی ڕۆژانە. لهم دۆخهدا بارانبارینی وەرزی کەم و دهگمهن دهبێت، كه ئەمەش دەبێتە هۆی درێژ بوونهوهی ماوهی وشکەساڵی و به بیابانبوون. لە باشووری عێراقدا، کەمبوونهوهی ئاو، بووەتە هۆكاری سهرههڵدانی ناکۆکی لە نێوان هۆزەکاندا، چونکە وشکەساڵی و بەرزی پلەی گەرمی، کێبڕکێی بهدهستخستنی ئاو زیاتر دەکات (العراق: اشتباکات عشائرية بسبب شح المياه، 2022). ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) له ڕاپۆرتێكدا له ساڵی 2023، ئاماژه بهوه دهكات: زیاتر له 130788کەس بەهۆی بارودۆخی وشکەساڵییەوە ئاوارە بوون، كه بههۆیهوه نزیکەی نیوەی سەرجەم جووتیارانی عێراقی كهوتوونهته ژێر هێڵی هەژارییهوه ("DTM Iraq - Climate-Induced Displacement Southern Iraq"، 2023).
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکانی عێراق، 40%ی جووتیاران ناچاربوون دەستبەرداری پیشەکەیان ببن و بەدوای سەرچاوەی جێگرهوهی بژێویدا بگەڕێن ("ڕوانینێكی گشتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا: کاریگەرییەکان، کەمکردنەوە و گونجاندن لە عێراق"، 2022). له عێراقدا بەرهەمی کشتوکاڵیی دابەزینی زۆر و بهرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، چونكه وڵاتهكه بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و کەمی ئاوەوە ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی کشتوکاڵی لەدەستداوە. بە تایبەت کە لێشاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کەم دەبێتەوە، ئهمهش بەهۆی پڕۆژە بەنداوهكانی تورکیا و ئێرانەوە، كه لهسهر ڕووباره نێو دهوڵهتییهكان دروستكراون (Al-Muqdadi et al., 2024).
سهرهنجام عێراق، نزیکەی 60%ی زەوییە کشتوکاڵییە ئاودێرییەکانی لەدەستداوە، كه بژێوی گوندنشینەکانی پەکخستووە و کۆچی ناوخۆیی بهرهو ناوچە شارییەکان چڕتر کردووەتەوە. (الجفاف يقضم 60% من الأراضي الزراعية المروية، 2024). دکتۆر شوکری ئەلحەسەن، مامۆستا لە بەشی جوگرافیا لە زانکۆی بەسرە، جەخت دەکاتەوە، کە ئاو؛ لەنێو خێڵەکانی باشووری عێراق زۆرترین کێبڕکێ و ململانێی لەسەرە، بەتایبەت ناوچەکانی باشووری عێراق، كه ڕووبەڕووی دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی توند دەبنەوە. دکتۆر ئەلحەسەن، کە توێژینەوەکانی لەسەر پیسبوونی ژینگە و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانێتی، چوار هۆکار دەستنیشان دەکات، کە له پشت دروستبوونی ململانێی خێڵهكانهوهیه: (کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، زیادبوونی خواست لەسەر ئاو، گۆڕانکارییە بهرچاوهكانی ژینگە و خراپ بەڕێوەبردنی ئاو) .
خۆڵبارینی چڕ و مەترسییە تەندروستییەكانی
زیاتر خراپتربوونی ئهم دۆخه، کاریگەرییە فیزیاییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە؛ کە بریتییه لە توندبوونەوەی گهردهلولی تۆز (خۆڵبارین) و بهرزیی پلەی گەرمی. عێراق بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو بەخۆیەوە دەبینێت، كه زۆرجار لە وهرزی هاویندا 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش کرێکارانێك، كه له دەرەوە كار دهكهن بە جووتیارانیشەوە دەخاتە مەترسییەوە. خۆڵبارین تادێت زیاد دەبێت ("ڕوانینێکی گشتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا: کاریگەرییەکان، کەمکردنەوە و گونجاندن لە عێراقدا"، 2022). ئەم دۆخهی کەشوهەوا، تەندروستی توێژه لاوازەکان دەخاتە مەترسییەوە، ههر لە جووتیارانەوە، تا ژنانی دووگیان و منداڵان، چونکە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خۆپاراستن سنووردارە.
سەرەڕای پەرەسەندنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بهڵام یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگەی عێراق بەسەرچووە و چارەسەری ئەو زیانانە ناکات، کە بەهۆی قەیرانی کەشوهەواوە تووشی بووە. جێی ئاماژەیە، گۆڕانی کەشوهەوا بە ڕوونی لە هیچ ماددەیەکی ئەم یاسایەدا نەخراوەتە ڕوو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009 (“یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە”، 2020)
میراتی ململانێ و خراپی حوکمڕانی
میراتی ململانێ و خراپی حوکمڕانی، دوو له هۆكاره كاریگهره ژینگهییهكانه. کاریگەرییەکانی شەڕ، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای داگیرکارییەکانی ساڵی 2003 و قەیرانی داعش (2014)، کاریگەریی بەردەوامی لەسەر ژێرخانی عێراق و بەرهەمی کشتوکاڵی هەبووە. ئاوارەبوونی فراوان لە سەردەمی داعشدا، بەرهەمهێنانی خۆراکی پەکخست و لە ئەنجامدا عێراق لە وڵاتێکی سەربەخۆی خۆراکەوە گۆڕا بۆ وڵاتێک کە زیاتر پشت بە هاوردەکردن ببەستێت. بە وتەی حاجر عوبێدی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق، چەند فاکتەرێکی دوای قۆناغی داعش ڕێگری دەکەن لە گەڕانەوەی هەزاران جووتیار بۆ ناوچەکانی خۆیان. لەوانەش، پاشماوەی شەڕ، ڕووخاندنی خانووهكان، لهناوچوونی سامانی ئاژەڵ لە کاتی شەڕدا، کەمی ئاو بەهۆی تێکدانی ڕاستەوخۆی سەرچاوەکانی ئاو و سیستەمی کشتوکاڵی. ئەلعوبێدی دەڵێت: 'لەکاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە لەڕووی بەرهەمهێنانی خۆراکەوە پێش جەنگ خۆبژێو بوون، بهڵام ئەمڕۆ لەسەدا 80ی خۆراکەکانیان لە دەرەوەی عێراقەوە هاوردە دەکەن'. ئەو مینانەی کە لە ناوچەکانی پێشووی ژێر دەستی داعشدا بەجێماوە، بەشێکی زۆری زەویەکانیانی کردووەتە شتێک كه بۆ بهكارهێنان ناشێت. ههروهك کاریگەریی گروپە چەکداره نادەوڵەتییەکان توانای حکومەتی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کەشوهەوا، یان بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەر سنووردار دەکات. میثاق ئەلخەتیب، ڕۆژنامەنوس له بەغدا، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان، کە ناوچەیەکی فراوانیان لە ڕۆژئاوای عێراقدا کۆنترۆڵکردبوو دوای دەرکردنی داعش تەنها وەک قەوارەی سەربازی نەمانەوە، بەڵکو دەستیان کرد بە وەبەرهێنانی زۆر لە زەوییەکانی سەر بە دانیشتوانی ناوچەکە ("تحديات الأمن المناخي في العراق"، 2023). بە وتەی ئهلخهتیب، ئەم گروپانە سەرچاوە ناوخۆییەکان دەقۆزنەوە بۆ دابینکردنی دارایی و بەردەوامبوونی چالاکییەکانیان. ئەو کۆنتڕۆڵەی کە ئەم گروپانە دەیکەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق، بەو مانایەیە، کە زۆرجار سەرچاوەکان بۆ دابینکردنی دارایی ململانێ بەردەوامەکان دەقۆزرێتەوە، بهمهش کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بێ توانا دهبن له بەڕێوەبردنی ژینگەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام.
دۆزی ئاوه ههرێمایهتییهكان
وڵاتانی دراوسێش ڕۆڵیان لە ئاستەنگە ژینگەییەکانی عێراقدا هەبووە. پڕۆژەی ئەنادۆڵی گەورەی تورکیا (GAP)، دەستپێشخەرییەکی بەرفراوانی بەنداو، و بەنداوکردنی ئێران بۆ لقەکانی ڕووباری دیجلە، ڕژان و هاتنی ئاوی بۆ ناو عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵكردن هەبووە ("ملف مخاطر المناخ: العراق"، 2022). ئەم قەیرانە ئاوییە ههرێمایهتییه عێراق لاوازتر دەکات، لهكاتێكدا زیاتر لە 70%ی ئاوی وڵاتەکە لە دەرەوەی سنوورەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت.
سنووردارکردنی بودجە و بۆشایی یاسایی
چارەسەرکردنی قەیرانی ژینگەیی عێراق پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەن هەیە، بەڵام هەوڵەکان بەهۆی ئالینگاری و ئاستهنگی حوکمڕانییەوە سنووردار دەمێننەوە. دهوڵهت تەنها 1%ی بودجەی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە ئاوییەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ تەرخان دەکات، بەمەش توانایەکی کەم بۆ گونجانی هەمەلایەنەی کەشوهەوا دەمێنێتەوە. یاسای پاراستنی ژینگە بەسەرچووە و بڕگەی تایبەتیان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا . ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرداریان کردووە، کە بنەماکانی پاراستنی ژینگە لە پهیوەندی لەگەڵ شەڕی چەکداریدا (PERAC) لە ساڵی 2022 پەسەند بکەن زیانەکانی شەڕ مەترسی مرۆیی و ئەمنی فراوانتر دروست دەکات ("مشروع المبادئ لحماية البيئة فيما يتعلق بالصراعات المسلحة"، 2022).
بانگهواز بۆ چاکسازی
ئایندهی ژینگەی عێراق پەیوەستە بە چاکسازییە مانادارەکانەوە. ڕۆژنامەنووسی کەشوهەوا پیتەر شوارتزشتاین نووسەری کتێبی (گەرما و توڕەیی...لە هێڵی پێشەوەی ڕووبهڕووبونهوهی توندوتیژیی کەشوهەوا)، دەڵێت: "فشارە ژینگەییەکان و پرسەکانی حوکمڕانی پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری زیاتر". شوارتزشتاین پێشنیازی ئەوە دەکات، کە باشترکردنی شێوازەکانی کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی ئاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی هەندێک له فشارهكانی کەشوهەوا.
بەڵام کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی تواناکانی بەڕێوەبردن، ڕەنگە لەوەش چالاکتر و كاریگهرتر بێت. بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق تا ساڵی 2085 دوو هێندە زیاد بکات، بەردەوامی پشتگوێخستن و بێكرداریی دەكرێت ببێتە هۆی داڕمانی توندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگهیی. عێراق لە دووڕیانێكدا وەستاوە: كه چارەسەرنەکردنی ئەم قەیرانە یەکتربڕانە ڕەنگە ببێتە هۆی کارەساتێکی قووڵتری مرۆیی و ژینگەیی، لە کاتێکدا کردەی هەماهەنگی لهبارهی کەشوهەواوه دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیرکردنی ئایندهی نهتهوهیهك.
References
Al-Muqdadi, S. W. H., Abdalwahab, N. S., Almallah, I. A. R., Hussein, S. F., Yassin, A., Salim, S. O. M., Alfarraji, M. J., Mishbak, H. H. M., Altuma, L. R. S., & Abdulrahman, B. (2024). The complex system of climate change security and the ripple effect of water–food–socioeconomic nexus. Journal of Infrastructure, Policy and Development, 8(6), Article 3928. Retrieved from https://systems.enpress-publisher.com/index.php/jipd/article/view/3928
Al-Obeidy, H. (2023). [Personal communication].
Climate Change Overview: Impacts, Mitigation, and Adaptation in Iraq. (July, 2022). Kapita. Retrieved from https://kapita.iq/storage/app/media/New%20Research%20Publications/Climate%20Change%20Overview.pdf
Climate Risk Profile: Iraq. ( July 20, 2022). Weathering Risk. Retrieved from https://weatheringrisk.org/en/publication/Climate-Risk-Profile-Iraq
Climate security challenges in Iraq: Entry points for local-level dialogue. ( Dec 20, 2023). Climate Diplomacy. Retrieved from https://climate-diplomacy.org/magazine/cooperation/climate-security-challenges-iraq-entry-points-local-level-dialogue
Law on Protection and Improvement of the Environment. ( Dec 23, 2020). IEA. Retrieved from https://www.iea.org/policies/12001-law-on-protection-and-improvement-of-the-environment-law-no-27-of-2009#
Long-term trends in daily temperature extremes in Iraq. (2022). ScienceDirect. Retrieved from https://www.sciencedirect.com
Draft Principles on Protection of the Environment in Relation to Armed Conflict. (2022). United Nations. Retrieved from https://legal.un.org/ilc/texts/instruments/english/draft_articles/8_7_2022.pdf
الجفاف يقضم 60 في المئة من الأراضي الزراعية المروية.(Aug 20, 2024) Al-Aalem.
العراق: اشتباكات عشائرية بسبب شح المياه. (Sep 25, 2022). Al-Jarida. Retrieved from https://www.aljarida.com/articles/1664040283952452100
DTM Iraq – Climate-Induced Displacement Southern Iraq. (September 1-15, 2023). International Organization for Migration (IOM). Retrieved from https://dtm.iom.int/reports/iraq-climate-induced-displacement-southern-iraq-1-15-september-2023#:~:text=As%20of%2015%20September%202023,74%25)%20being%20urban%20locations.